بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە: دەست بە ئاوەوە بگرن

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییانی پایتەخت بڵاو کردەوە و تێیدا هۆشداریی دەدات کە بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاوی رووبارەکان، ئەگەری ڕاگرتنی کاتیی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە ئارادایە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر، لە چوارچێوەی پلانی پێشوەختە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە هەر ئەگەرێکی بڕانی ئاو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، پێشبینی دەکرێت رادەی لێڵی (Turbidity) بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر ئاستی لێڵییەکە بگاتە سەرووی توانای ته‌كنیكیی وێستگەکانی پاڵاوتن، ئەوا بۆ پاراستنی کوالێتی و تەندروستیی ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵان، ناچار دەبن بۆ ماوەیەکی کاتی کارەکانیان رابگرن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی کەمئاوی، لە ئێستاوە بە شێوەیەکی گونجاو ئاو بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە هەر جۆرە زیادەڕۆییەک لە سەرفکردنیدا. 

بەڕێوەبەرایەتییەکە سوپاسی هاوکاری و پابەندیی هاووڵاتییان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەم رێکارانە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و دابینکردنی ئاوی پاک و تەندروستە بۆ شاری هەولێر.