ئیسرائیل پلانی چۆنیەتی کوشتنی عەلی شەمخانی ئاشکرا کرد
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان وردەکاری نوێیان سەبارەت بەکوشتنی عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران لە تاران ئاشکرا کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، شەمخانی لە سێ هەوڵی پێشووتر رزگاری بووە پێش ئەوەی لە دوایین ئۆپەراسیۆنیان سەرکەوتوو بێت.
ماڵپەڕی 'تایمز ئۆف ئیسرائیل' لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، شەمخانی بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی سەرەکی لە سیستەمی بڕیاردانی ئەمنی لە ناوخۆی ئێراندا، ئامانجی بەردەوامی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا بووە.
سەرچاوەکە روونی کردەوە، عەلی شەمخانی تەنیا راوێژکار نەبووە، بەڵکو رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە هەماهەنگیکردنی کاری دەزگا ئەمنییەکان لە ناوخۆی ئێران، بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ باڵەکانی تاران لە ناوچەکە و سەرپەرشتیکردنی وەڵامە سەربازییەکان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل.
بەپێی راپۆرتەکە، شەمخانی دووجار لە هەوڵی تیرۆرکردن لە کۆتا خولەکدا رزگاری بووە .
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئیسرائیلدا، ئەو باڵەخانەی کە تێیدا بوو بە مووشەک کرایە ئامانج، بەڵام چەند ساتێک پێش ئەوەی لێی بدرێت توانی خۆی دەرباز بکات .
هەروەها جارێکی دیکە لە کاتی هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە رزگاری بوو و شوێنە ئەمنییەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی لەناو یەکێک لە باڵەخانە ئامانجدارەکاندا بوو .
لە راپۆرتەکەی تایمز ئۆف ئیسرائیل دا هاتووە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل توانیویانە شوێنی شەمخانی دیاریبکەن و ئەمەش دوای ئەوەی لە هێرشێکی رزگاری بووە و دواتر چووەتە یەکێک لە باڵەخانەکانی خانەوادەکەی، دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، هێرشێکی ئاسمانی ورد ئەنجامدرا و باڵەخانەکە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژرا.
بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، کوشتنی شەمخانی زیانێکی گەورەی لە سیستەمی بڕیاردانی ئەو وڵاتە داوە.