ئیبراهیم زولفەقاری هۆشداری بە ئیمارات دەدات

قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و رایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران، وەڵامی خێرا و توندی لێ دەکەوێتەوە.

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشتر سەلماندوویەتی کە سەرچاوەی هەر جۆرە هەڕەشە یان دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەریی نیشتمانیی ئێران، دەکەوێتە بەر هێرشی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانیان.

هۆشداریشی دا ئەگەر لە خاکی ئیماراتەوە جارێکی دیکە دەستدرێژی بۆ سەر دوورگەکانی بووموسا و تونبی گەورە لە کەنداو بکرێت، هێزە سەربازییەکانی ئێران بەبێ دوودڵی شاری ڕەئسولخەیمەی ئیمارات دەکەنە ئامانجی پەلامارە کوشندەکانی خۆیان.

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە ناکۆکییەکی مێژوویی لەسەر خاوەندارێتیی ئەو دوورگانە لە نێوان تاران و ئەبوزەبیدا هەیە. دوورگەکانی بووموسا، تونبی گەورە و تونبی بچووک دەکەونە ناوچەیەکی ستراتیژیی کەنداوەوە و بەردەوام سەرچاوەی گرژیی سیاسی و سەربازی بوون لە نێوان ئیمارات و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.