تەندروستیی ئێران: لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس بریندار بوونە
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تا ئێستا 20 هەزار و 984 کەس بریندار بوونە.
شەممە، 21ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی ئێران، راگەیەنراوێکی لە بارەی ئاماری بریندارانی جەنگ بڵاو کردەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا، 20 هەزار و 984 ئێرانی بریندار بوونە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەر بە هۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، 7 نەخۆشخانە لە خزمەتگوزاریی کەوتوون و چۆڵکراون، هەروەها 36 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.