پلانی ترەمپ بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی غەززە ئاشکرا دەکرێت
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پێشنیازێکی نووسراوی داوەتە بزووتنەوەی حەماس کە تێیدا میکانیزمەکانی دەستبەرداربوون لە چەک لە بەرانبەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دیاریی کراوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی ئاشتی، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پێشنیازێکی نووسراوی داوەتە بزووتنەوەی حەماس کە تێیدا داوای چەکدانان لەو گرووپە دەکات.
بە پێی ئاژانسەکە، پێشنیازەکە، لە کۆبوونەوەکانی هەفتەی رابردووی قاهیرەدا پێشکەش بە حەماس کراوە. لەو کۆبوونەوانەدا نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ غەززە و ئارییە لایتستۆن، گەورەڕاوێژکاری ترەمپ ئامادەی بوون.
بە گوێرەی پلانەکەی ترەمپ، لە بەرانبەر داماڵینی تەواوەتی چەکی حەماس، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکشێنەوە و پرۆسەیەکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات.
هاوکات ملادینۆڤ لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە ڕایگەیاند: "ئێستا بابەتەکە لەسەر مێزە و پێویستی بە یەک بڕیاری روون هەیە، ئەویش دەستبەرداربوونی تەواوەتی حەماس و گرووپە چەکدارەکانە لە چەک، بەبێ هیچ جیاکارییەک."
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەمریکا وەک هاندان، پێشنیازی لێبووردنی گشتی بۆ سەرکردەکانی حەماس و دابینکردنی 7 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی کردووە کە بەشێکی لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە بەڵێن دراوە.
لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە کە کاری لەپێشنەی ئێستایان راگرتنی جەنگ و پاراستنی خەڵکی مەدەنییە، نەک دەستبەرداربوون لە چەک و، جێبەجێکردنی هەر پلانێکی لەو شێوەیەش پێویستی بە دانوستانی ورد هەیە.
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە کە ئامارەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە 72 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی 172 هەزار کەس دەکەن لەو کاتەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەست پێکردووە، جگە لە وێرانبوونی 90%ـی ژێرخانی ناوچەکە.