پزیشکیان: کۆتاییهێنانی جەنگ پێویستی بە راگرتنی هێرشەکان و گەرەنتیی دووبارەنەبوونەوەیانە

سەرۆککۆماری ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە سەربازییەکان، راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و چەسپاندنی سیستەمێکی ئەمنیی هەرێمییە. لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش هۆشداریی لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی کەشتیوانی و وزە دەدات.

شەممە، 21ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، رایگەیاند: کە کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستی بە راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و پێدانی گەرەنتییە بۆ دووبارەنەبوونەوەیان.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە "پێکهاتەیەکی ئەمنی" لە وڵاتانی ناوچەکە پێکبهێنرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژئاوای ئاسیا.

لای خۆیەوە، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ پزیشکیان تاوتوێی گرنگیی کراوەبوونی رێڕەوە ئاوییەکان و پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانییان کردووە.

مودی هێرشەکانی بۆ سەر "ژێرخانە هەستیارەکان" سەرکۆنە کرد، کە دەبنە هۆی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی و پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لە جیهاندا.

هیندستان کە بۆ دابینکردنی نیوەی پێداویستییەکانی نەوتی خاو و زۆربەی گازی سروشتییەکەی پشت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت، بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی ئابووریی بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و تەنگژەی وزە.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران رەزامەندییان داوە لەسەر تێپەڕبوونی دوو کەشتیی گواستنەوەی گازیی هیندی بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.