22 وڵات سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران لە گەرووی هورمز دەکەن

هەریەکە لە وڵاتانی (ئیمارات، بەحرەین، شانشینی یەکگرتوو "بەریتانیا"، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، یابان، کەنەدا، کۆریای باشوور، نیوزلەندا، دانیمارک، لاتیڤیا، سلۆڤێنیا، ئیستۆنیا، نەرویج، سوید، فینلەندا، چیک، ڕۆمانیا و لیتوانیا) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان سەبارەت بە بارودۆخی گەرووی هورمز بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئاداری 2026، 22 وڵات لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکەن لە گەرووی هورمز و رایدەگەیەنێن: بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی دوایی دەکەین کە لەلایەن ئێرانەوە کرانە سەر کەشتییە بازرگانییە بێ بەرگرییەکان لە کەنداو، هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشانەش دەکەین بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش دامەزراوەکانی نەوت و گاز، و داخستنی کردەیی گەرووی هورمز لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە.

لە راگەیەنراوەکە دا هاتووە"نیگەرانی قووڵی خۆمان بەرانبەر پەرەسەندنی ململانێکان دەردەبڕین، داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ هەڕەشەکانی، مینڕێژکردن، هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک، و هەموو هەوڵەکانی تری بۆ پەکخستنی جووڵەی کەشتیوانی بازرگانی لە گەرووەکەدا رابگرێت و پابەندی بڕیاری ژمارە 2817 ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت."

هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، ئازادیی هاتوچۆی دەریایی پرەنسیپێکی بنەڕەتیی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەو رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە کە تایبەتە بە یاسای دەریاکان. کاریگەرییەکانی ڕەفتاری ئێران دەگاتە هەموو گەلانی جیهان، بەتایبەتیش توێژە هەرە لاوازەکان.

ئەو وڵاتانە ئامادەیی خۆمان نیشان داوە، بۆ بەشداریکردن لە هەوڵە گونجاوەکان بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی  کەشتیەکان بەشێوەیەکی ئارام بەناو گەرووی هورمز، پێشوازی لە پابەندبوونی ئەو وڵاتانە دەکەن کە بەشدارن لە پلاندانانی بەرایی بۆ ئەم پرسە.