ترەمپ مۆڵەتی 48 کاتژمێر بە ئێران دەدات
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی توند لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ئێران کۆتایی بە هەڕەشەکانی نەهێنێت و گەرووی هورمز بە تەواوەتی نەکاتەوە لەبەدەم جووڵەی دەریایی، ئەوا دەست لە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە ناپارێزێت.
ترەمپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، لە تۆڕی تروس سۆشیەل پەیامێکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و نووسیویەتی "ئەگەر ئێران لە ماوەی 48 کاتژمێردا بەبێ هەڕەشە، گەرووی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرجەم وێستگەکانی وزەی ئێران وێران دەکات و لەنێویان دەبات، سەرەتاش لە گەورەترین وێستگەوە دەست پێدەکات".
هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران لە بارەی گەرووی هورمز لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 21ی ئاداری 2026، لە هەڵوێستێکی هاوبەشدا 22 وڵات، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان کرد، کە کردوویەتییە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو و سەر ژێرخانی وزەی وڵاتانی ناوچەکە.
هەڵوێستە هاوبەشەکە لەلایەن (ئیمارات، بەحرەین، ئیمارات، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کەنەدا، کۆریای باشوور، نیوزلەندا، دانیمارک، لاتیڤیا، سلۆڤێنیا، ئیستۆنیا، نەرویج، سوید، فینلەندا، چیک، رۆمانیا و لیتوانیا دەرکراوە و داوایان لە ئێران کردووە پابەندی بڕیاری ژمارە 2817 ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
هەروەها رایانگەیاندووە، ئازادیی جووڵەی دەریایی پرەنسیپێکی ریشەیی یاسا نێودەوڵەتییەکانە ئامادەییان دەربڕیوە، بۆ بەشداری لە هەوڵی گونجاو بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی کەشتیەکان بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا.