ناتانیاهۆ: بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی ئێران دەدەینەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند کە ئێران بووەتە مەترسییەکی جددی بۆ سەر تەواوی جیهان و تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ناوچە مەدەنییەکان و پیرۆزترین شوێنە ئایینییەکانی لە قودس کردووەتە ئامانج و جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بە هێزێکی زۆر و وێرانکەرەوە وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە

یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانەکەیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران لە 48 کاتژمێری رابردوودا چەکی کۆمەڵکوژی دژی مەدەنییەکان بەکارهێناوە و رایگەیاند، تاران مووشەکی ئاراستەی شوێنە پیرۆزەکانی هەر سێ ئایینە گەورەکە لە قودس کردووە لەوانەش دیوارە خۆرئاوا و کەنیسەی قیامە و مزگەوتی ئەقسا و باسی لەوەش کرد کە ئێران ئێستا توانای هەیە مووشەکی بالیستی رەوانەی قووڵایی ئەوروپا بکات و ڕێگاکانی وزە و بازرگانی جیهانی پەک بخات

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە یەک بگرن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئێران و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا پێکەوە کار دەکەن و سوپای ئیسرائیلیش بە هێزێکی زۆرەوە وەڵام دەداتەوە بەڵام ئامانجەکانیان تەنیا دەبنە ئێران و سوپای پاسداران و سەرکردەکان و دامەزراوە ئابوورییەکانیان نەک خەڵکی مەدەنی

ناتانیاهۆ ئامانجی سەرەکی جەنگەکەی دیاری کرد و رایگەیاند کە دەیانەوێت بەتەواوی بەرنامەی ناوەکی و مووشەکی ئێران تێکبشکێنن و زەمینەیەک بۆ گەلی ئێران بڕەخسێنن تا بتوانن کۆتایی بەو ستەمکارییە بهێنن کە ژیانی لە هەموو جیهان تێک داوە و باسی لەوەش کرد کە هەندێک لە وڵاتان دەستیان کردووە بە تێگەیشتن لەم مەترسییە و کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوی کردەیی بنرێت