سکرتێری گشتیی ناتۆ: نابێت ئەو هەڵەیەی لەگەڵ کۆریای باکوورمان کرد لەگەڵ ئێران دووبارەی بکەینەوە
سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند هاوپەیمانییەکە بە بەشداریی 22 وڵات هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هاوکات دانی بەوەدا نا کە دۆناڵد ترەمپ لە سستی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەرانبەر جەنگی ئێران تووڕەیە.
یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Face the Nation"ی کەناڵی CBS، مارک رووتە سکرتێری گشتیی ناتۆ، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران دەربڕی. رووتە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی کە مەوداکەی بگاتە شارەکانی وەک پاریس، بەرلین و رۆما، ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئیسرائیل و تەواوی ئەوروپا.
سەبارەت بە رەخنە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بە "ترسنۆک" وەسف کردبوو بەهۆی سستییان لە کردنەوەی گەرووی هورمز، رووتە ڕوونی کردەوە کە ئەمریکا چەندین هەفتە بە نهێنی پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury" (تووڕەیی داستانئاسا) داناوە و بەهۆی پاراستنی نهێنییەکانی جەنگەوە ئەوروپییەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە، بۆیە وڵاتانی ئەوروپا کاتیان پێویست بووە بۆ خۆڕێکخستنەوە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرای کرد کە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، 22 وڵات کە زۆربەیان ئەندامی ناتۆن، شانبەشانی ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئۆسترالیا، نیوزلەندا، بەحرەین و ئیمارات هاتوونەتە پێشەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی کەشتییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز.
رووتە بەراوردێکی لە نێوان دۆخی ئێران و کۆریای باکوور کرد و گوتی: "لە کاتی خۆیدا لەگەڵ کۆریای باکوور زۆر دانوستانمان کرد و کاتمان کوشت تا بوونە خاوەن چەکی ناوەکی، نابێت ڕێگە بدەین هەمان هەڵە لەگەڵ ئێران دووبارە ببێتەوە." جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ لەناوبردنی توانای ئێران لە هەناردەکردنی ئاژاوە، هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ سەلامەتیی جیهان.