گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: جەنگ دژ بە ئێران و حزبوڵڵا چەند هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت

سوپای ئیسرائیل هۆشداری دا کە وڵاتەکەی لەبەردەم چەندین هەفتەی دیکەی شەڕی سەختدایە دژ بە ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی، جەختیشی کردەوە کە هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان قۆناغی نوێ بەخۆوە دەبینێت و جەنگەکە هێشتا لە سەرەتادایە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئازاری 2026، عەمید ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی ئیسرائیل، ئێمە ڕووبەڕووی چەند هەفتەیەکی دیکەی شەڕ دەبینەوە دژ بە ئێران و حزبوڵڵا." ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە خەریکی لاوازکردنی تواناکانی ئێران و بریکارەکانیەتی لە ناوچەکەدا.

عەمید دیفرین جەختی کردەوە، ئێران چەقی سەرەکیی هەوڵە سەربازییەکانی ئیسرائیلە، بەڵام هاوکات بەرەی باکوور لوبنان وەک بەرەیەکی ستراتیژیی دیکە دەمێنێتەوە. گوتیشی: "ئێمە خەریکی ئامادەکارین بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ناو خاکی لوبنان، چونکە جەنگ لەگەڵ حزبوڵڵا هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکاندایە."

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران و هاوپەیمانەکانی کرد و ڕایگەیاند، کە هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نامێنێتەوە.

دووپاتیشی کردەوە ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی و بوونی دەوڵەتەکەیان دروست ببێت و هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە وەڵامێکی توند و بڕیاردەرانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.