ناوی حاجییانی کوردستان بۆ ساڵی 2028 راگەیەنرا

ژمارەیەک حاجیی هەرێمی کوردستان
ژمارەیەک حاجیی هەرێمی کوردستان

تیروپشک بۆ ناوی حاجییانی کوردستان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ نــاوی حاجییانی هەردوو ساڵی 2027 و 2028 کرد و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هاووڵاتییانیان گواستەوە. 

بۆ هەردوو ساڵەکە ناوی 10 هەزار و 2240 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان دەرچووە؛ 5120 کەس بۆ ساڵی 2027، بەهەمان شێوە، 5120 کەسی دیکەش بۆ ساڵی 2028.  

- ناوی حاجییان بۆ ساڵی 2027: https://hajj.digital.gov.krd/drawing-result

- ناوی حاجییان بۆ ساڵی 2028: https://hajj.digital.gov.krd/drawing-result

وریا بالیسان، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە گشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان بۆ تیروپشکەکە تۆمار کردبوو؛ لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 وەک هاووڵاتیی ئاسایی ناویان تۆمار کردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمار کردووە.

 سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ناوان، وریا بالیسان، رایگەیاند: "لە پرۆسەکەدا رەچاوی رێژەی داواکاریی حاجیان کراوە و پێشینە دراوە بەو کەسانەی ساڵی رابردوو ناویان لە تیروپشک دەرنەچووبوو".

ئاماژەی بەوەش کرد، تێچووی کۆتایی حەجی ساڵانی 2027 و 2028 لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رانەگەیەندراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو، ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕ کردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچووبوو.