دوو ناوەندی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێنەوە
نەخۆشخانەیەکی گەورەی شێرپەنجە لە هەولێر دروست دەکرێت
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا 31 نەخۆشخانە دروست کراون و شەش نەخۆشخانەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان، بەگوتەی وەزیری تەبدروستی ئامانج لێیان دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان، هەرچەندە هیوای ئەوە دەخوازێت هاووڵاتیان پێویستییان بە بەکارهێنانیان نەبێت.
سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند "لە ساڵی 2014ـەوە ژمارەیەک نەخۆشخانە راگیرابوون، بەڵام ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و لە قۆناخی تەواوبووندان". وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەکان کرد کە بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار دینار دروست کراوە و بەمزووانە دەرگای بەرووی نەخۆشاندا دەکرێتەوە.
سەبارەت بە پڕۆژە تەواوکراوەکان، بەرزنجی روونیکردەوە کە نەخۆشخانەی 100 تەختی هیتۆت لە شیلادزێ بە تێچووی 48 ملیار دینار تەواو بووە. هاوکات شەش نەخۆشخانەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان، لەوانە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر کە گوژمەکەی زیاتر لە 190 ملیار دینارە و لەسەر ئاستی عێراق بە گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە هەژمار دەکرێت.
لیستی پڕۆژەکانی دیکەی لەژێر جێبەجێکردن بریتین لە: نەخۆشخانەی 150 تەختی چەمچەماڵ، نەخۆشخانەی پیران، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دەرکار و باتیفا لە زاخۆ، نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە قەڵادزێ، هەروەها سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە دهۆک.
بەرزنجی روونیکردەوە کە جگە لە دروستکردنی نەخۆشخانەکان، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا 21 سەنتەری پسپۆڕی کراونەتەوە. لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانیی شوشتنی گورچیلەشدا، نزیکەی 20 سەنتەر لە سەرجەم شارۆچکە و شارەدێکان دامەزراون بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بگەنە هەموو ناوچەکان.
وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی گرنگی بە ناوچە دوورەدەستەکان دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق، قەزای سۆران بووەتە خاوەنی سەنتەری قەستەرە و نەشتەرگەری دڵ. هەروەها ئامێری قەستەرە بۆ قەزای کۆیە دابینکراوە و بەمزووانە دەست بە خزمەتگوزاری دەکات.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە، وەزیری تەندروستی ئاشکرایکرد: چەند سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە لە رانیە، هەڵەبجە و زاخۆ کراونەتەوە و لە داهاتووشدا ناوەندێکی گەورەی تایبەت بەو بوارە لە هەولێر دروست دەکرێت.