دۆسیەی زیندانییانی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە سەر عێراق

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و سەرۆکی دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێککەوتنی خۆیان بۆ کاراکردنی لیژنەی هاوبەش و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی هەرێم بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ راگەیاند، و جەخت لەسەر قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییان دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ د. وەلید سەهلانی، سەرۆکی دەزگای زیندانییانی سیاسیی فیدراڵ رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو لێژنەیەی لەنێوان هەردوولا پێکهاتووە، کاری لەسەر بکرێت و فەرمانی کارکردنی لەلایەن سەرۆکی دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراقەوە بۆ دەربکرێت.

وەزیری شەهیدان هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە مایەی خێر بۆ زیندانییانی سیاسی و گەلی کوردستان و ئەو هەنگاوەی بە سەرەتایەکی باشی پێکەوەژیان وەسف کرد. هاوکات جەختیکردەوە هیوادارن لێژنەکە بە زووترین کات دەست بە کارەکانی بکات سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ.

لەلایەکی دیکەوە د. وەلید سەهلانی، سەرۆکی دەزگای زیندانییانی سیاسیی فیدراڵ گوتی، هیچ کێشەیەکمان نییە تا چارەسەری بکەین، بەڵکو لێکتێگەیشتن و هەماهەنگیی هاوبەشمان هەیە. شاندی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا هەوڵی باشیان بۆ باشترکردنی دۆخی زیندانییانی سیاسی و شەهیدان لە هەرێمی کوردستان داوە.

سەهلانی روونیکردەوە کە لەسەر چەند هەنگاوێکی گرنگ رێککەوتوون، بەتایبەت کاراکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای رێککەوتنە فەرمییەکانی پێشووی حکوومەتی عێراق. هەروەها جەختیکردەوە هەنگاوەکان ئەرێنی و بونیادنەرن بۆ قەرەبووکردنەوەی شایستەکانیان.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی دەزگای زیندانییانی سیاسیی فیدراڵ روونیکردەوە، ئێمە هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنێکی فەرمیمان هەیە و بە شێوازێکی فەرمی لە پشکی هەرێمدا جێگیر کراوە. رێککەوتن کراوە لە پشکی گشتیی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، ئەو بڕە پارەیەی تایبەتە بەو برا بەڕێزانە لێدەبڕدرێت کە دەکەونە ناو چوارچێوەی یاساکانی دادپەروەریی گواستنەوە، کە ئەوانیش زیندانییە سیاسییەکان و شەهیدان و زیندانییە رزگاربووەکان لەخۆ دەگرێت.