واشنتن پۆست: قەتەر و عومان بۆ پرسی ئاگربەست دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران کردووە
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسێکی باڵای عەرەب و چەند دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وڵاتانی قەتەر و عومان لەم هەفتەیەوە دەستیان بە پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ تاران بە مەبەستی راگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ئاگربەست.
یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆست لە کە سەرچاوەیەکی عەرەب و چەند دیپلۆماتکارێکی ئەوروپییەوە ئاشکرایکردووە، هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و عومان دەستیان بە پەیوەندیییەکانیان لە بارەی ئاگربەستەوە لەگەڵ ئێران کردووە، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەوەرەی سەرەکی پەیوەندییەکان بریتییە لە پرسی ئاگربەستی ئەگەری لە ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم دەستپێشخەرییەی بەرپرسانی قەتەر و عومان دوای ئەوە دێت کە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هێزی سەربازیی گەورەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا حکوومەتی ئێران بڕووخێنێت.
لە بەرانبەر ئەم هەوڵانەدا، ئێران رایگەیاندووە، تەنها لەو کاتەدا ئامادەی هاوکارییە کە سەرەتا ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش و کردەوە سەربازییەکانیان رابگرن.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا دەستیان بە تاوتوێکردنی پرسی دەستپێکردنی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئێران کردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، هەریەکە لە میسر و قەتەر لایەنی ئەمریکا و ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام مەرجی هەیە، تاران داوای گەرەنتی دەکات بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان لە داهاتوودا و هەروەها داوای قەرەبووش دەکات.