سوپای ئیسرائیل برینداربوونی 7 سەربازی لە باشووری لوبنان راگەیاند
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەوت سەربازی وڵاتەکەی لەسەر سنوور و لەناو خاکی باشووری لوبنان بریندار بوون، ئەمەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی خۆکوژ لە نزیک هێزەکانیان و رووداوێکی دیکەی ئۆپەراسیۆنییەوە.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەوت سەربازی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان بریندار بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، چوار لەو سەربازانە لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کاتی جوڵەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان بریندار بوون، هاوکات ماڵپەڕی "وڵا"ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانەوە لە باشووری لوبنان، تاوەکو ئێستا 48 سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانییان لەرێگەی ژمارەیک درۆنی خۆکوژەوە ئەنجامداوە بۆ سەر خاڵێکی جێگیربوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک "خەلەت ئەلبوستان" لە باشووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی "مارون ئەلڕاس"ی سەر سنوور و جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکە ئامانجەکەی پێکاوە و برینداری لێکەوتووەتەوە.