ئیسرائیل: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە موشەکە ئێرانییەکان نەتەقێنراونەتەوە و 150 کەس بریندار بوون
سوپای ئیسرائیل، دانی بەوەدا نا کە دوو کێشەی تەکنیکی جیاواز لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیدا روویداوە، ئەمەش وایکردووە مووشەکە ئێرانییەکان لە هێرشەکەی رۆژی شەممەدا تێپەڕ بن و نەتەقێندرێنەوە.
"دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، ئێڤی دێفرین گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە هەردوو حاڵەتەکەدا موشەکی بەرگری بۆ تێکشکاندنی موشەکەکان هاوێژراون، بەڵام نەیانتوانیوە رێگری لەو ئاگرە بکەن کە بەرەو روومان دەهات"، ئاماژەی بەوەش کرد، بە شێوەیەکی ئاسایی سیستەمەکانیان زیاتر لە 90%ـی موشەکەکان لە ئاسماندا تێکدەشکێنن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تەندروستی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، بەهۆی کەوتنی دوو موشەکی ئێرانی لە باشووری ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا، زیاتر لە 150 کەس بریندار بوون.
هاوکات، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سوپا دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەو جووتیارە ئیسرائیلییەی بەیانی رۆژی یەکشەممە لە ناوچەی کیبۆتس مسگاف عام لە باکووری وڵات کوژراوە، بەهۆی تەقەی تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بە هەڵە پێکراوە یان نا.