وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی لە سەرتاسەری جیهان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد لە سەرتاسەری جیهان، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوپەڕی وریایی بنوێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی جەنگی دژی ئێران.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەکەدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە: "پێویستە ئەمریکییەکان لە دەرەوەی وڵات پەیڕەوی ئەو رێنماییە ئەمنییانە بکەن کە لەلایەن نزیکترین باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانەی ئەمریکاوە بڵاودەکرێنەوە".
وەزارەتی دەرەوە هۆشداریی داوە لە ئەگەری بە ئامانجگرتنی بنکە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت ئەو بنکانەشی کە لە دەرەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، گرووپە لایەنگرەکانی ئێران ئەگەری هەیە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە، یان ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتیانی ئەمریکییەوە هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا، بکەنە ئامانج.