نرخی نەوت ناجێگیرە و بازاڕەکان چاوەڕوانی ئایندەی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێرانن

لە نێوان هەڕەشەکانی واشنتن و تاران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە و مەترسییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان تووشی جۆرێک لە هەڵبەز و دابەزین بووە و چاوی وەبەرهێنەرانیش لەسەر ئایندەی گرژییەکانە.

دووشەممە 23ی ئاداری 2026، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جۆرێک لە هەڵبەز و دابەزینی بەخۆوە بینی. ئەمەش لە کاتێکدایە وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکەن، لە بەرانبەریشدا زیادبوونی خستنەڕووی نەوت دوای سووککردنی کاتیی سزاکانی سەر ئێران، کاریگەریی لەسەر نرخەکان دروست کردووە.

بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی وزە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت یەک سەنت دابەزی و گەیشتە 112.18 دۆلار. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی رابردوو، برێنت بەرزترین ئاستی خۆی لە تەممووزی 2022ـەوە تۆمار کردبوو.

هاوکات نرخی نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) 52 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 98.75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوودا بە رێژەی 2% نرخەکەی هەڵکشابوو.

ئەم ناسەقامگیرییەی نرخەکان لە کاتێکدایە، هەڕەشەی دوولایەنە لە نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە ئارادایە. هاوکات بوونی مۆڵەتێکی ئەمریکی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بووەتە جێی بایەخی بازاڕەکان، کە ئەو تەنگەیە رێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی نزیکەی 20%ی نەوت و گازی جیهانە.