ترەمپ: بەهۆی تێکشکانی ژێرخانی پەیوەندییەکان، بەشێک لە ئێرانییەکان ئاگاداری گفتوگۆییەکان نین
سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا، ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی تێکشکانی ژێرخانی پەیوەندییەکانیان، ئاساییە بەشێک لە ئێرانییەکان نکۆڵی لەوە بکەن.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، کەناڵی "فۆکس بزنس"، لە زاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە گفتوگۆی گرنگ لە نێوان ئێران و وڵاتەکەی بەڕێوەچووە. لەو گفتوگۆیانەدا جارد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف بەشدار بوون . ترەمپ پێشبینی دەکات کە لە ماوەی پێنج رۆژ یان کەمتردا رێککەوتنی کۆتایی ئەنجام بدرێت، هەروەها ئاماژەشی داوە، کە ئێران زۆر پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن
سەبارەت بە لایەنی سەربازی، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆڵەتێکی پێنج رۆژەی بە تاران داوە و لەو ماوەیەدا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا رادەگیرێن تاوەکوو بزانرێت ئەنجامی گفتوگۆکان بە کوێ دەگەن.
ئەم راگەیاندنەی ترەمپ کاریگەرییەکی خێرای کردە سەر بازاڕە جیهانییەکان و رێڕەوی دابەزینی پشکەکانی لە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا (Wall Street) پێچەوانە کردەوە و نرخەکان روویان لە بەرزبوونەوە کرد.
لەلایەکی دیکەوە، هەرچەندە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هەبوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ترەمپ لە وەڵامی ئەواندا گوتی: "ئاساییە ئەوان ئاگایان لێی نەبێت یان نکۆڵی لێ بکەن، چونکە بەهۆی تێکشکانی ژێرخانی پەیوەندییەکانیان، گەیاندنی زانیاری لە ناوخۆی ئێراندا زۆر قورس بووە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان جددیین و ئاراستەی شەڕەکە بەرەو چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەچێت.
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و پاکستان لە دوو رۆژی رابردوودا رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان هەر دوو وڵات.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم وەزیرانە بە جیا گفتوگۆیان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان "زۆر بەرهەمدار و باش" بوون. ترەمپ گوتی: "بەهۆی سروشتی ئەم گفتوگۆ چڕ و وردانە کە بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن، فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ کردووە کە هەر جۆرە کارێکی سەربازی دژ بە وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ رابگرن، تاوەکوو ئەنجامی کۆتایی کۆبوونەوەکان دەردەکەوێت."
سەرەڕای ئەم لێدوانانەی ترەمپ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، حکومەتی ئێران بە فەرمی هەبوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن بۆ راگرتنی جەنگ رەت کردەوە. ئەم دژایەتییەی تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە وریاییەوە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە 5 رۆژەیە دەکات کە ترەمپ دیاریکردووە.