ترەمپ: ئەمە دواین هەلی ئێرانە بۆ رزگاربوون
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران لە دوو رۆژی رابردوودا دەستیان بە گفتوگۆیەکی جددی و زۆر باش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و جەختی کردەوە کە ئەمە دواین هەلی تارانە بۆ رزگاربوون، ئەمەش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا تەواوی توانای سەربازی و سەرکردایەتی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە فەرمانی داوە بە سوپای وڵاتەکەی بۆ دواخستنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ. ترەمپ گوتی: "ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن و ئارەزووی ئاشتی دەکات، ئەوان رەزامەندییان نیشان داوە کە چیتر هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی نەدەن."
ترەمپ رایگەیاند، "ئێمە هەموو شتێکمان سڕییەوە کە دەکرا بسڕدرێتەوە؛ هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و توانای ناوەکیی ئێرانمان لەناو برد و زۆربەی سەرکردەکانیشیان نەمان. ئێستا لە ئێراندا هیچ شتێک نەماوەتەوە تاوەکوو دووبارە بنیات بنێتەوە، بۆیە ئەوان ئەمجارە لە هەڵوێستەکانیاندا بۆ گەیشتن بە چارەسەر زۆر جدیین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گفتوگۆیانەی ئێستا بەڕێوە دەچن، تەنیا بۆ ئاگربەست نین، بەڵکوو بۆ گەیشتنە بە رێککەوتنێکی بەرفراوانتر کە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بپارێزێت. ترەمپ گوتی: "ئەگەر ئەوان هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، ئەم ململانێیە کۆتایی دێت و جیهان بەم زووانە دەبێتە شوێنێکی ئارامتر."
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند کە ئەم پێنج رۆژە "دواین هەلە" بۆ ئێران تاوەکوو کۆتایی بە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەمریکا بهێنێت.