ئەکسیۆس: ڤانس و ناتانیاهۆ بنەماکانی رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران تاوتوێ کرد

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵەکانی واشنتنی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران و پێکهاتەکانی رێککەوتنێکی ئەگەری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران تاوتوێ کرد.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی ئازاری 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە. تەوەری سەرەکیی ئەم گفتوگۆیە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەی کە ئیدارەی ترەمپ دەستی پێکردووە بۆ کردنەوەی کەناڵی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، ڤانس و ناتانیاهۆ بە وردی باسیان لە پارچە و پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەگەرییە کردووە کە دەبێتە بنەما بۆ راگرتنی شەڕەکە.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵ دەدات هاوپەیمانە نزیکەکەی لە ناوچەکەدا، واتە ئیسرائیل، لە وردەکاریی هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئاگادار بکاتەوە تاوەکوو دڵنیایی بدات کە بەرژەوەندییەکانی تەلئەڤیڤ لە هەر ڕێککەوتنێکی ئایندەدا لەبەرچاو دەگیرێن.

ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو ئیدارەکەی دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران کردووە و هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ ماوەی پێنج رۆژ دواخستووە تاوەکوو دەرفەت بە پڕۆسەی دیپلۆماسی بدات.