رۆیتەرز: ناتانیاهو تەنیا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی جەنگ، ترەمپی قایل کردووە

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای دەکات، کە چۆن بنیامین ناتانیاهۆ تەنیا 48 کاتژمێر پێش دەستپێکردنی هێرشە گەورەکەی سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپی قایل کردووە بۆ ئەوەی گورزی بەهێز بوەشێنن و عەلی خامنەیی و سەرکردە باڵاکانی تاران بکوژن. ناتانیاهۆ پرسی تۆڵەکردنەوەی کەسی و چوونە ناو مێژووی وەک دوو کارتی سەرەکی بۆ رازی کردنی ترەمپ بەکارهێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، کە لە سێ سەرچاوەی باڵاوە دەستی کەوتووە، ناتانیاهۆ و ترەمپ پێش هێرشەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نهێنیدا باسیان لە زانیارییە هەواڵگرییەکان کردووە، کە ئاماژەیان بە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی عەلی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران دەدا لە ناو بارەگای رێبەری لە تاران.

ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە باشترین دەرفەتە بۆ لەناوبردنی خامنەیی و تۆڵەکردنەوە لەو هەوڵانەی ئێران کە لە ساڵی 2024 بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ دابووی.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ پێشتر رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دابوو، بەڵام دوودڵ بوو لە دیاریکردنی کات و جۆری هێرشەکە. سەرکەوتنی ئەمریکا لە دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤێنزوێلا لە 3ی کانوونی دووەم، و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناوخۆی ئێران، ترەمپیان هان دا کە هەنگاوی بوێرانەتر بنێت. ناتانیاهۆ پێی ڕاگەیاندووە کە بەم هێرشە دەتوانێت دەسەڵاتی ئێران بڕووخێنێت و ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار بکات.