نیویۆرک تایمز: واشنتن پلانی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگی ئێران تاوتوێ دەکات
نیویۆرک تایمز: واشنتن سێ هەزار پەرەشوتەوان دەخاتە ئامادەباشییەوە
بەرپرسانی باڵای سەربازی لە ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکی ستراتیژین بۆ جێگیرکردنی لیوایەکی شەڕکەر لە فیرقەی 82ـی ئاسمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران کە ئامانجی سەرەکی لێی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارگ"ە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" کە پشتی بە سەرچاوە بەرگرییەکان بەستووە، ئەم هێزە پێکهاتووە لە سێ هەزار سەربازی "هێزی بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێ"، کە تایبەتمەندن بەوەی دەتوانن لە ماوەی کەمتر لە 18 کاتژمێردا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بکرێن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەرکی سەرەکی ئەم هێزانە کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگی ئێران دەبێت، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە و دەمارێکی سەرەکی ئابووریی تاران پێکدەهێنێت.
جگە لە پەرەشوتەوانەکان، بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە، ئەویش بەشداریپێکردنی دوو هەزار و 500 سەربازی هێزی دەریاییە (مارینز) لە فیرقەی 31ـی ئاسمانی کە ئێستا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگادان.
بەرپرسانی پێشوو دەڵێن: بەهۆی ئەوەی رێڕەوی فڕینی دوورگەکە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەدا زیانی بەرکەوتووە، پێدەچێت هێزە دەریاییەکان سەرەتا بگەنە ناوچەکە بۆ چاککردنەوەی فڕۆکەخانە و ژێرخانەکان، تاوەکو زەمینە خۆش بکەن بۆ نیشتنەوەی پەرەشوتەوانەکان و گواستنەوەی کەلوپەلی قورس.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، سوودی گەورەی پەرەشوتەوانەکان لە خێرایی گەیشتنیانە، بەڵام خاڵی لاوازیان نەبوونی زرێپۆشی قورسە، ئەمەش لە ئەگەری هێرشی پێچەوانەی ئێراندا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانیان.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە؛ 300 ئەندامی ئەم یەکەیە لە بنکەی فۆرت پۆلک لە ویلایەتی لویزیانا دەستیان بە مانۆڕێکی سەربازی کردووە بۆ پاراستنی ئامادەیی تەواوی لیواکە بۆ هەر ئەگەرێکی جێگیرکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فیرقەی 82ـی ئاسمانی لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەندین شوێندا جێگیر کراون، لەوانە پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا 2020، ئۆپەراسیۆنی کشانەوە لە ئەفغانستان 2021 و پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانان لە ئەوروپای رۆژهەڵات دوای جەنگی ئۆکرانیا. تا ئێستا پێنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی (سێنتکۆم) هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەم پلانە نەداوە.