ئه‌و سه‌ربازه‌ی پێشتر له ریزی "یه‌په‌گه" شه‌ڕی ده‌كرد، ده‌ستگیر كرا
"له‌به‌رده‌م دادگا دانی ناوه، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له ئه‌فسه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كردووه"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
سه‌ربازێكی پێشووی هێزی پیاده‌ی ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند ساڵێكیش له ریزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، شه‌ڕی دژی داعش كردووه، رۆژی 16ی كانوونی دووه‌م، له شاری تالاهاس له‌لایه‌ن "ئێف بی ئای"یه‌وه، ده‌ستگیركرا.
رۆژنامه‌ی تالاهاسی دیموكراتی له راپۆرتێكدا هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی سه‌ربازێكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا و جه‌نگاوه‌رێكی یه‌په‌گه-ی ئاشكرا كرد، كه پلانی دانابوو به چه‌ك هێرش بكاته سه‌ر خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌م بینای كاپیتاڵ-ی ویلایه‌تی فلۆریدا، كه بڕیاره له‌لایه‌ن (پرۆ-تره‌مپ)یه‌كانه‌وه ئه‌مڕۆ 17ی كانوونی دووه‌م، رێكخرێت.
رۆژنامه‌كه ئاشكرای كرد، رۆژی 16ی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ر)ی 2021، دانیال ئالان بیكه‌ر - ته‌مه‌ن 33 ساڵ له‌شاری تالاهاس -ی ویلایه‌تی فلۆرید له‌لایه‌ن "ئێف بی ئای"یه‌وه ده‌ستگیركرا، به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی تێوه‌گلاوه به هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان له رێگه‌ی رفاندن و كوشتنه‌وه.
به‌پێی وته‌ی داواكاری گشتی، بیكه‌ر كه‌سێكی چه‌پی توندڕه‌وه و به‌ته‌واوی تووڕه‌بووه له رووداوه‌كه‌ی رۆژی 6ی كانوونی دووه‌می 2021 ی سه‌ر بینای كاپیتاڵ له واشنتۆن.
هاوكات به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "میامی هیرالد" ئه‌و سه‌ربازه كه‌مترین شه‌ره‌فی له خزمه‌تی سه‌ربازی پێ بڕاوه، چونكه به‌بێ مۆڵه‌تی یه‌كه سه‌ربازییه‌كه‌ی، ئه‌ركی سه‌ربازی جێهێشتووه، پاش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌كه‌ی له عێراق بڵاوه‌ی پێكراوه.
نوێنه‌ری داواكاری گشتی به رۆژنامه‌كه‌ی وتووه، به‌پێی دانپێدانانه‌كانی، تۆمه‌تبار په‌یوه‌ندی به گروپێكی چهكدارهوهیه له سووریا و پلانیشی داناوه، هێرشی توندوتیژ بكاته سه‌ر ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی، كه بڕیاره ئه‌مڕۆ 17ی كانوونی دووه‌م له‌به‌رده‌م بینیای كاپیتاڵی فلۆریدا رێكخرێت.
"ئێف بی ئای" هۆشداری داوه له مه‌ترسی توندوتیژی له‌هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی، كه بڕیاره له كۆتایی هه‌فته‌ی ئه‌مه‌ریكا سازدرێت له‌لایه‌ن (پرۆ-تره‌مپ)كانه‌وه له‌هه‌ر 50 ویلایه‌ته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا و گوتیشی: "هه‌ر كه‌س به تۆمه‌تی توندوتیژی ده‌ستگیر كرا، سزای توند ده‌درێت".
بۆ یه‌كه‌مینجار له مانگی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر) ی 2020، ئێف بی ئای، زانیاری به‌ده‌ستگه‌یشتووه، كه (دانیال ئالان بیكه‌ر) هه‌ڕه‌شه‌ی توندوتیژی كردووه و هه‌وڵده‌دات كاری رێكخستن و مه‌شق به كه‌سانی دیكه بكات، له‌رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بۆ گه‌شه‌پێدانی ئایدیۆلۆژیای په‌ڕگیری توندوتیژ دژی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له‌به‌رده‌م دادگا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له ئه‌فسه‌رانی ئه‌مه‌ریكا كردووه.
داواكاری گشتی فلۆریدا به رۆژنامه‌ی "میامی هیرالد" گوتی "بیكه‌ر داوای ئه‌وه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك ئه‌م بیرده‌كه‌نه‌وه چه‌كهه‌ڵگرن دژی خۆپیشانده‌رانی به‌رده‌م كاپیتاڵ -ی فلۆریدا، كه بڕیاره خۆپیشاندان بكه‌ن". گوتیشی: "به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ر بیكه‌ر كۆكراوه‌ته‌وه له مانگی حوزه‌یران (جون) ی 2020ه‌وه تا مانگی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری)ی 2021 تێكڕای ویلایه‌ته‌كان گه‌ڕاوه، بۆ به‌شداری له خۆپیشاندانه‌كان له‌نێویاندا شاری سیاتل- له‌واشنتۆن و مه‌نیئاپلس له مینیسۆتا بكات".
بیكه‌ر به‌م دواییه‌ش داوایه‌كی پێشكه‌شی خوێندن كردووه له پرۆگرامی ته‌كنیكی فریاكه‌وتنی پزیشكی له كۆلێژی تالاماس-ی فلۆریدا.
بیكه‌ر له سه‌نته‌ری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی فیدرالی له تالاهاس ده‌ستبه‌سه‌ره و له‌رێگه‌ی زوومی كامێراوه، دادوه‌ر "چارلس ئه‌ی ستامپلۆس" له دانیشتنی یه‌كه‌مدا رۆژی 17ی كانوونی دووه‌م داوای كرد، ئازاد بكرێت تا رۆژی دادگاییكردن له 21ی كانوونی دووه‌م، به‌ڵام له‌لایه‌ن داواكاریی گشتییه‌وه ئه‌و داوایه ره‌تكرایه‌وه، به‌وه‌ی كه بیكه‌ر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ڵبێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌ڕووی بیكه‌ر كراوه‌ته‌وه، سزاكه‌ی له 5 ساڵ زیندانی كه‌متر نییه و پێبژاردنهكهشی 250 هه‌زار دۆلاره.
به‌پێی ئه‌و سكاڵایه‌ی دادگای فیدرالی، بیكه‌ر له ساڵی 2017 دا په‌یوه‌ندی كردووه به هێزه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه).
بیكه‌ر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌میشه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه، ئه‌و راهێنه‌ری قه‌ناسی یه‌په‌گه بووه. یه‌په‌گه هێزێكی شه‌ڕكه‌رن له سووریا دژی داعش و توركیا جه‌نگیون.
به‌پێی ئه‌و دیكۆمێنتانه‌ی له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا "ئێف بی ئای" ده‌ستی كه‌وتووه، بیكه‌ر دانی به‌وه‌دا ناوه، له‌سه‌ر ئاستی ته‌كنیكی و سه‌ربازی راهێنانی به ئه‌ندامانی ئه‌كادیمیای نێوده‌وڵه‌تی یه‌په‌گه كردووه.
د.ی