ئەمریکا هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئاژانسی هەواڵی CNN لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نزیکەی هەزار سەربازی فیرقەی 82ـی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێن.

چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی CNN  بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە نیازە هەزار سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا واشنتن رایگەیاندووە، لە هەمان کاتدا خەریکی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارە یەکەم گرووپی ئەو سەربازانە لە ماوەی هەفتەیەکدا دەست بە جوڵە بکەن، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی پەرەسەندنەکانی بارودۆخەکە ئەگەری گۆڕانکاری تێدایە.

هەروەها سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە، ئەم هێزە لە حاڵەتی ئامادەباشییەکی تەواودا دەبن بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دەستوەردان بکەن.