بەریتانیا لووتکەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز رێک دەخات

رۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاوە ئاشکرای کردووە، بەم زووانە لەندەن میوانداریی لووتکەیەکی باڵای ئەمنی دەکات بەمەبەستی پاراستن و کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لووتکە ئەمنییەکە لە شاری پۆرتسماوسی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت و تیایدا سەرۆکەرکان و فەرماندە باڵاکانی چەند وڵاتێک بەشدار دەبن. 

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێیە بۆ پاراستنی رێڕەوی دەریاوانی لە گەرووی هورمز. بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسانی بەریتانیا پەیوەندییان بە فەرماندە سەربازییەکانی چەندین وڵاتەوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکەدا.

ئەم هەوڵانەی بەریتانیا لە کاتێکدان، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا نەیتوانی هاوپەیمانییەکی تایبەت بە گەرووی هورمز دروست بکات و زۆرینەی وڵاتانی جیهان رەتیان کردەوە هێز بنێرنە ناوچەکە.

گەرووی هورمز بە شادەماری وزەی جیهان دادەنرێت و 20٪ی نەوت و گازی پێدا تێدەپەڕێت.

 لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ی شوباتەوە، تاران بڕیاری داخستنی گەرووەکەی داوە. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.

چەند رۆژێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ماوەی 48 کاتژمێر مۆڵەتی بە ئێران دابوو گەرووەکە بکاتەوە، ئەگەر نا هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکە، بەڵام دواتر مۆڵەتەکەی تا رۆژی شەممەی داهاتوو، 28ـی ئادار درێژ کردەوە.