پێشنیازەکەی ئەمریکا گەیەنرایە ئێران
سەرچاوەیەکی ئێرانی ئاشکرای دەکات، پاکستان پێشنیازێکی ئەمریکای رادەستی تاران کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ، و تاوەکو ئێستاش شوێنی کۆبوونەوەکان یەکلایی نەکراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئێرانی بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ـی راگەیاندووە: "لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی 15 خاڵی ئەمریکیمان بەدەست گەیشتووە کە تایبەتە بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا."
سەرچاوە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری گەیشتنی پێشنیازەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنی ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانە دیاری نەکراوە و پرسی دیاریکردنی شوێنەکە هێشتا لە قۆناغی گفتوگۆ و تاوتوێکردندایە.
تا ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ شتێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رانەگەیاندووە. بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە، بڕوایان بە بەرپرسانی واشنتن نەماوە بۆ گفتوگۆ، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، دوو جار لە ماوەی نۆ مانگدا، لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێرشیان کراوەتەوە سەر.
دوێنێ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ کەسانی گونجاو لە ئێران گفتوگۆ دەکەین و ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک"، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، تیمی دانوستانکار پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها هەردوو نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێرانییەکان "رازی بوون کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نەبێت"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "متمانەم بە هیچ کەسێک نییە" لە ئێران.