سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری لە پرسەی پێشمەرگە شەهیدبووەکاندا کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری لە پرسەی پێشمەرگە شەهیدبووەکاندا کرد
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری لە پرسەی پێشمەرگە شەهیدبووەکاندا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆران، بەشداری لە پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیەدا کرد کە لە هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێراندا، شەهید بوون. 

 
 
 
 
 
 

 

لەبارەی رووداوەکە، دوێنێ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو، "هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون.  سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەم."

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "هەموو رێکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینەبەر". 

هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد "سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن."

بەرەبەیانیی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون.