رۆیتەرز: وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا ئەرێنی نەبووە
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، کە وەڵامی سەرەتایی تاران بۆ پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ ئەرێنی نەبووە. هاوکات میدیاکانی ئێران لیستی پێنج مەرجی سەرەکی وڵاتەکەیان بۆ واژۆکردنی هەر رێککەوتنێک بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئازاری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاشکرای کرد کە تاران وەڵامی سەرەتایی خۆی سەبارەت بە پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئیدارەی ترەمپ داوەتەوە و گوتی: "وەڵامەکە ئەرێنی نەبووە، بەڵام ئێمە هێشتا خەریکی خوێندنەوەی وردی پێشنیازەکەین." ئەو بەرپرسە روونی کردەوە کە وەڵامەکەی ئێران رادەستی وڵاتی پاکستان کراوە تاوەکوو وەک نێوەندگیر بیگەیەنێتە واشنتن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتەدا، میدیا فەرمییەکانی ئێران پێنج مەرجی بنەڕەتییان وەک هێڵی سوور بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاو کردەوە، کە بریتین لە:
1- کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان و ڕاگرتنی تەواوی کارە دوژمنکارییەکان و تیرۆرکردنی سەرکردە و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئێران.
2- دابینکردنی گەرەنتی و رێککەوتنی ئەمنیی بە جۆرێک رێگری بکات لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە داهاتوودا.
3- دانانی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی پابەندکار بۆ دیاریکردن و پێدانی قەرەبووی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەوە بەر ئێران کەوتوون.
4- وەستاندنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا بە شێوەیەک کە گرووپەکانی "بەرەی مقاوەمە"ش بگرێتەوە.
5- ددانپێدانانی فەرمی بە مافی یاسایی ئێران بۆ پیادەکردنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا وەک گەرەنتییەک بۆ پابەندبوونی لایەنەکانی دیکە.
ئەم وەڵامە توندەی تاران لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتێکی پێنج ڕۆژەی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دیاری کردبوو و هیوای خواستبوو تاران بە مەرجەکانی واشنتن رازی بێت. شارەزایان پێیان وایە ئەم مەرجانەی ئێران، بەتایبەت پرسی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و قەرەبووی شەڕ، ئاڵنگارییەکی گەورە دەخەنە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی بۆردوومانە چڕەکان زیاد دەکەن.