رووسیا بەشێکی زۆری پسپۆرانی ئەتۆمی لە وێستگەی بووشەهر دەکشێنێتەوە
کۆمپانیای رووسئەتۆم، دەستی کرد بە کشاندنەوەی بەشێکی زۆری کارمەندەکانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە باشووری ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی وێستگەکە رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەوە و تاران پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا.
چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، ئەلێکسی لیخاتشێڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای رووسئەتۆم، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند: 163 کارمەندیان لە وێستگەی بووشەهر، خاکی ئێرانیان جێهێشتووە و بەرەو سنوورەکانی ئەرمینیا بە رێ کەوتوون.
لیخاتشێڤ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا نزیکەی 300 کارمەند لە وێستگەکە ماونەتەوە، بەڵام پلانیان هەیە پرۆسەی چۆڵکردنەکە بەردەوام بێت و تەنیا چەند کارمەند بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامێرەکان بهێڵنەوە.
هاوکات جەختی کردەوە کە؛ "ناتوانین بە یەکجاری وێستگەکە جێبهێڵین، چونکە ناتوانین ئامێر و کەلوپەلەکان بەبێ سەرپەرشتیار و کەسی پسپۆر جێبهێڵین.
ئەم بڕیارەی رووسیا دوای ئەوە دێت کە رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران شەوی سێشەممە رایگەیاندبوو، وێستگەی بووشەهر رووبەڕووی هێرشێکی ئاسمانی بووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە.
هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنی" لایەنەکانی کردبوو بۆ رێگری لە هەر مەترسییەک بۆ سەر سەلامەتیی بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکان لە ناوچەکەدا.
وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر کە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، تاکە وێستگەی ئەتۆمیی چالاکی ئێرانە و رووسیا رۆڵی سەرەکی لە بونیادنان و کارپێکردنیدا هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.