ترەمپ: لە نێوەڕاستی مانگی ئایار لەگەڵ شی جینپینگ کۆدەبمەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە وادەی نوێی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆک کۆماری چین، دیاریکراوە. ئەم کۆبوونەوەیە کە پێشتر بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئێران دواخرابوو، بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری داهاتوودا لە پەکین ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" ئاشکرای کرد، کە لە رۆژانی 14 و 15ـی مانگی ئایاری 2026 سەردانی پەکین دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی چین، کە وەک کەسایەتییەکی خاوەن رێزێکی زۆر وەسفی کرد. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم لووتکە دیپلۆماسییە لە بنەڕەتدا بڕیاربوو زووتر ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێرانەوە کاتەکەی گۆڕدراوە.

سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و گوتی: "من و میلانیای خانمی یەکەم، میوانداریی سەرۆک شی و خاتوو پێنگ دەکەین لە واشنتن بۆ سەردانێکی هاوشێوە لە کاتێکی دیکەی ئەمساڵدا." ترەمپ جەختی کردەوە کە نوێنەرانی هەردوولا ئێستا خەریکی کۆتاییهێنان بە ئامادەکارییەکانن بۆ ئەم زنجیرە سەردانە مێژووییە.

ترەمپ پەرۆشیی خۆی بۆ بینینی شی جینپینگ دەربڕی و دڵنیایی دا کە ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە رووداوێکی مەزن و بێوێنە.