تۆم بەڕاک سەرەخۆشی لە مەسرور بارزانی دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و تێیدا باڵیۆزی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکەی ئەم دوایەی سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرەخۆشی لە سەرۆکوەزیران کردووە؛ هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تورکیا پێگەیشت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکوومەت، لە پەیوەندییەکەدا تۆم بەڕاک، بەهۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە هێرشی مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری سۆران؛ پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت سوپاسی تۆم بەڕاکی کرد بۆ پەیوەندی و هاوخەمی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرد.
هاوکارت سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی پەیوەندییەکە؛ نووسیویەتی: "سوپاسی باڵیۆز تۆم بەڕاکم کرد کە سەرەخۆشیی خۆیانی پێگەیاندین بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی قارەمان و هاوخەمیی لەگەڵماندا."
ئاماژەشی داوە هاوبەشیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لەم کاتە هەستیارەدا بەرز دەنرخێنین و چاومان لە بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکانمان.
March 25, 2026