کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ هێرشەکانی رابگرێت

رەشنووسێکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ئامادە کراوە و داوا لە ئێران دەکرێت، دەستبەجێ سەرجەم هێرشەکانی رابگرێت.

ئەم پڕۆژەیاسایە ئاماژە بە بەکارهێنانی "هەموو ئامرازە پێویستەکان" دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی دەریاوانی لە گەرووەکە و دەوروبەریدا.

بەپێی ئەو بەشەی پڕۆژەکە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، رەفتارەکانی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسف دەکرێت. هەروەها داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەکات، دەرگاش بەڕووی گرتنەبەری رێکاری زیاتردا دەکاتەوە، لەوانەش سەپاندنی سزا.

لەلایەکی دیکەوە، فەرەنسا پڕۆژەبڕیارێکی جێگرەوەی خستە روو. لەم پڕۆژەیەدا زمانێکی ئاشتخوازانەتر دەگرێتە بەر و ئاماژەی راستەوخۆ بە ئێران ناکات. داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات گرژییەکان کەم بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ رێڕەوی دیپلۆماسی، لەگەڵ هاندانی هەماهەنگیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی، ئەمەش بە یاوەرییکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی.

گرنگترین خاڵەکانی رەشنووسەکە ئەمانەن:

- هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبوونیان هەیە و نابێت رێگرییان لێ بکرێت.

- رێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات، چ بە شێوەی نیشتمانی بێت یان لە رێگەی هاوبەشییە دەریاییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەموو ئامرازە پێویستەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا بەکاربهێنن.

- داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات دەستبەجێ هەموو هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانی و بارهەڵگرەکان رابگرێت، هەر هەوڵێکیش بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی شەرعی یان ئازادیی دەریایی لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا کۆتایی پێ بهێنێت.