پشکی شێری هێرشەکانی ئێران بەر وڵاتانی کەنداو کەوتووە

ئامارە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن، زۆرینەی رەهای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون و رێژەیەکی زۆر کەمیشیان ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، لەنێو وڵاتانی کەنداویشدا ئیمارات زۆرترین هێرشی بەرکەوتووە.

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئامارێکی فەرمیی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردووەوە 83٪ی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران وڵاتانی کەنداویان کردووەتە ئامانج و تەنیا 17٪یان ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

ئامارەکان ئەوەیان روون کردەوە، تاوەکوو ئێستا 4 هەزار و 391 مووشەک و درۆنی ئێرانی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون و لە بەرانبەردا تەنیا 930 دانەیان ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. 

لەنێو وڵاتانی کەنداویشدا ئیمارات بە 2 هەزار و 156 هێرش پشکی شێری بەرکەوتووە و دوای ئەویش کوێت بە 791 هێرش، سعوودیە بە 723 هێرش، بەحرەین بە 429 هێرش، قەتەر بە 270 هێرش و عومان بە 22 درۆن کراونەتە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە ئەوە نیشان دەدات، چەقی هێرشەکانی ئێران لەبری ئیسرائیل، زیاتر رووی لە ئاسایش و ژێرخانی ستراتیژیی وڵاتانی کەنداوە.