سەرۆکی حکوومەت لە دۆخی تەندروستیی پێشمەرگە بریندارەکانی پرسی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستییان، سەردانی ئەو پێشمەرگانەی کرد کە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە سنووری سۆران بریندار بوون و بەڵێنی دابینکردنی هەموو جۆرە چارەسەرێکی پزیشکیی پێدان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، پێشمەرگە بریندارەکانی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێرانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەڤەری سۆران بەسەر کردەوە.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەیدا، مەسرور بارزانی بە پێشمەرگەکانی رایگەیاند: دڵنیاتان دەکەینەوە کە چی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنتان، چ لە ناوخۆی کوردستان بێت یان لە دەرەوەی وڵات، بۆتانی ئەنجام دەدەین.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامی سۆز و پشتگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاندە پێشمەرگەکان و گوتی: "جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام و لە هەموو ساتێکدا لە هەواڵی ئێوە دەپرسێت و هیوا زووچاکبوونەوەتان بۆ دەخوازێت، جەختیشی کردووەتەوە کە دەبێت هەرچی پێویستە بۆ باشتربوونی تەندروستیتان و خزمەتکردنتان ئەنجام بدرێت."
هەروەها سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی تەندروستیشی راسپارد کە هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان ئەنجام بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالیستیی ئێرانی، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران. لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و 30ـی دیکەش بریندار بوون.
