ترەمپ: ئێران خۆی داوای رێککەوتنی کردووە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی گورزی وایان لە ئێران وەشاندووە کە "لە بڕوای کەسدا نییە" و جەختی کردەوە کە ئێستا تاران بەهۆی لەدەستدانی سەرکردایەتی و توانا جەنگییەکانی، داوای رێککەوتن دەکات.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی رایگەیاند: "لە سێ هەفتەی رابردوودا، توانا سەربازییەکانی ئێرانمان بە ئاستێک بۆردومان کردووە کە هاوشێوەی نەبووە؛ ئێمە هێزی دەریایی، ئاسمانی و بەشێکی هەرە زۆری توانا مووشەکییەکانی ئەو وڵاتەمان بە تەواوی لەناو بردووە."
ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا زۆرینەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەنێو بردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 140 کەشتیی جەنگیی ئێرانی تێکشکێنراون.
گوتیشی: "ئێمە مەزەندەمان کردبوو ئەم ئەرکە چوار بۆ شەش هەفتە بخایەنێت، بەڵام زۆر لە پێش خشتەی کاتەکەمانین و ئامانجەکانمان پێکاوە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دەستوەردانە سەربازییە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێران پلانی هەبوو دەست بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت و هێرشی کردبووە سەر زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە، تەنانەت مووشەکەکانیان گەیشتنە دوورگەی (دیێگۆ گارسیا). ئەگەر هێرشمان نەکردبایە، تاران لە ماوەیەکی نزیکدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هێرشی دەکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەمریکاش."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا رەخنەی توندی ئاراستەی هاوپەیمانی ناتۆ و بەریتانیا کرد و ناتۆیی بە "پڵنگێکی کارتۆنی" وەسف کرد کە تەنیا ئەمریکا یارمەتییان دەدات.
سەبارەت بە بەریتانیاش گوتی: "پێیان گوتین کەشتیی فڕۆکەهەڵگر دەنێرین، بەڵام کەشتییەکانی ئەوان لەچاو هیی ئێمە وەک یاری منداڵان وان، دواتریش گوتیان دوای جەنگ دەنێرین، منیش گوتم نامانەوێت سوپاس".
لە رەهەندە سیاسییەکەی جەنگەکەدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا حکوومەتی ئێران دان بە شکستی خۆیدا دەنێت و "دەپاڕێتەوە" بۆ رێککەوتن، هەورەها خۆیان داوای رێککەوتنیان کردووە، سەرکردایەتییەکەیان لەناو چووە و تووشی شۆک بوونە.
ترەمپ گوتی: "ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر زیرەکن بەڵام شەڕکەری باش نین. ئێستا دەرفەتێکیان لەپێشە بۆ رێککەوتن، ئەگەر رێککەوتن بکرێت، گەرووی هورمزیش دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا دڵنیا نیم کە دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی یان نا."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە دەبوو سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تاران دابنرێت و ئەو دەستوەردانە خێرایەی ئەمریکا هاوسەنگیی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە.