فەرەنسا: لە پشتیوانیکردنی گەلی کورد بەردەوام دەبین

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، هێرشی مووشەکە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، یان برێم، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کردووە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی مووشەکە بالیستییەکەی ئێرانی بۆ سەر فیرقەکانی 5 و 7ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی سۆران کرد.

لە نامەکەدا هاتووە، کە ئەو هێرشە بووەتە هۆی شەهیدبوونی 6 پێشمەرگە و برینداربوونی 30ـی دیکە. کونسوڵی فەرەنسا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

یان برێم، لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "دڵنیابن لە هاوسۆزیی فەرەنسا بەرانبەر ئەم کردەوە دوژمنکارانەیە لە دژی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان و دانیشتووانەکەی."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش بۆ گەلی کورد.