ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوخەمیی وڵاتەکەی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکان دەربڕی و بە توندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و میلیشیاکانی کرد. هاوکات ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاسانکاریکردن بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لەگەڵ مەسرور بارزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن گفتوگۆی کرد.
بە پێی راگەیەنراوەکە، وەزیری دەرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە هێرشە مووشەکییەکەی 24ـی ئاداردا لە لایەن ئێرانەوە گیانیان بەخت کرد، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مارکۆ روبیۆ، بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراقی کرد، کە دەکرێنە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکی و ژێرخانی وزە لە سەرتاسەری عێراقدا.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەپای ئەو ئاسانکارییانەی پێشکەشی کردووە بۆ ئەوەی نەوتی عێراق، بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بگاتە بازاڕەکانی جیهان.