ترەمپ وادەی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاری دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پاشەکشەی لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند و بڕیاری دا هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دوا بخات، هاوکات وادەی کردنەوەی گەرووی هورمزی تاوەکو 6ـی نیسانی داهاتوو درێژکردەوە.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس سۆشیال ئاماژەی بەوە کرد، دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دابوو ئەگەر گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا نەکرێتەوە، وێستگەکانی وزەی ئێران بۆردومان دەکەن؛ لە بەرامبەریشدا تاران هەڕەشەی کردبوو کە ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکە و دامەزراوەکانی ئاو دەکاتە ئامانج.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەم جەنگە تاوەکو ئێستا زیانێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ زیاتر لە هەزار و 900 کەس لە ئێران، هەزار و 100 کەس لە لوبنان، 22 ئیسرائیلی و 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون، جگە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی لە ئێران و لوبنان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە مەدەنییەکانی ناوچەی کەنداو.