ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد

سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر قوڵایی خاکی ئیسرائیل دەستپێکرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی شەپۆلی 83ـی هێرشەکانیاندا چەندین ئامانجی ستراتیژی و سەربازییان پێکاوە.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکی نوێدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی ئەمجارە بە سیستەمی مووشەکی مەودا درێژ، مامناوەند و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە، بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانیان توانیویانە بە وردی کۆگاکانی نەوت و بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە شاری مودیعین بکەنە ئامانج، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم شەپۆلە، پێکانی کۆبوونەوە و بنکەکانی سوپای ئیسرائیل بووە.

لە بەرامبەردا، بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل کاراکردنی سیستەمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی راگەیاند، دوای ئەوەی دەستنیشانیان کرد کە ژمارەیەکی زۆر مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵاتەکە هەڵدراون. هاوکات میدیاکان ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ، قودس و ناوچەیەکی بەرفراوانی ناوەڕاستی ئیسرائیل بیستراوە و دانیشتووان چوونەتە ناو پەناگەکان.

لەلایەکی دیکەوە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پاشماوەی مووشەکە بەرپەرچدراوەکان لە سێ شوێنی جیاوازی ناوەڕاستی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئیسرائیل هیچ ئامارێکیان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکردووەتەوە.