فەرمانگەی میدیا و زانیاری رێکاری نوێ بۆ رووماڵکردنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان رادەگەیەنێت

لەپێناو رێکخستنی پەیامی میدیایی و گەیاندنی راستی و قەبارەی ئەو تاوانە مرۆییانەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، کۆمەڵێک رێکار و رێنوێنیی نوێی بۆ رووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکانی سڤیل بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەکە، ئامانج لەم هەنگاوە نیشاندانی وێنەیەکی پیشەییانەی رووداوەکانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان. بۆ ئەم مەبەستەش، فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و ماڵپەڕە هەواڵییەکان دەکات کە دەیانەوێت رووماڵی مەیدانیی ئەو شوێنانە بکەن، پابەندی رێنوێنییەکان بن.

لە رێکارە نوێیەکاندا هاتووە، پێویستە ئەو تیمە میدیاییانەی ئارەزووی رووماڵکردن دەکەن، ناوی تیمەکانیان لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری تۆمار بکەن و پێشوەختە رەزامەندیی فەرمی وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن لە شوێنی رووداوەکان کارەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ پۆلینکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی زیانە مرۆیی و ماددییەکان بە شێوازێکی زانستی و پیشەیی کە خزمەت بە دۆزی رەوای گەلی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکات.