گرووپی شانۆیی "ز بۆ شانۆ" نمایشێکی نوێ پێشکەش دەکات
گرووپی شانۆیی "ز بۆ شانۆ"، کە راڤیار نەوزاد سەرۆکی گرووپەکەیە، بۆ ئەمساڵ کۆتا بەرهەمی خۆیان کە نمایشێکی شانۆییە پێشکەش دەکەن.
یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، راڤیار نەوزاد، دەرهێنەر و سەرۆکی گرووپی شانۆیی "ز بۆ شانۆ"، بە کوردستان24ـی گوت، "ئەم پڕۆژەیە کە بە مەبەستی دروستکردنی کەشێکی فێربوون و پەرەپێدان بە ئەکتەر و دەرهێنەرانی نوێ دامەزراوە، لە ماوەی چەند مانگێکدا توانی بەھۆی راهێنان و وۆرکشۆپە تایبەتەکان، کۆمەڵێک کەسی نوێ و بە توانا دروست بکات و ژمارەیەک هونەرمەندی گەنج بۆ سەر تەختەی شانۆ ئامادە بکات.
راڤیار نەوزاد گوتیشی، "بەرهەمی کۆتایی ئەم پڕۆژەیە، نمایشێکی تایبەتە کە لە رووی بابەت و شێوازی پێشکەشکردنەوە، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە دروست بکات و کێشە و بابەتە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان بخاتە رووی نمایشە شانۆییەکەمانەوە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە نمایشەکەیان دەکات و دەڵێت، "کارەکە تەنیا نمایشێک نییە، بەڵکو ئەنجامی ماوەیەکی درێژی فێربوون، تاقیکردنەوە و کارکردنی هاوبەشە، ئەم بابەتەش وای کردووە کە نمایشەکە رەنگدانەوەی راستەقینەی هەست و بیرکردنەوەی ئەو گەنجانە بێت کە بەشدارییان تێدا کردووە، پڕۆژەی "ز بۆ شانۆ"، نموونەیەکی سەرکەوتووە لەوەی چۆن دەتوانرێت بە هەوڵی تاکەکەسی و کۆمەڵی، ژیانێکی نوێ بدرێتەوە بە تەختەی شانۆ."
راڤیار نەوزاد ئاماژەی بەوەش دا، "چاوەڕوان دەکرێت کە بەرهەمی کۆتایی ئەم پڕۆژەیە، جێگەی سەرنجی زۆری بینەران و هونهرمەندان بێت و ببێتە هەنگاوێکی تر بۆ پەرەپێدانی شانۆی کوردی و دۆزینەوەی دەنگ و رەنگی نوێ لە ناو تەختەی شانۆدا."
پڕۆژەی "ز بۆ شانۆ"، یەکێکە لەو هەوڵە نوێ و گرنگانەیە کە بە مەبەستی گەشەپێدانی هونەری شانۆ و دروستکردنی نەوەیەکی نوێی هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان کاری بۆ کرا. ئەم پڕۆژەیە لە سەر بنەمای ئەو بیرۆکەیە دامەزرابوو کە شانۆ تەنیا تەختەیەکی پێشاندان نییە، بەڵکو فەزایەکی فێربوون، راهێنان و ئاڵوگۆڕی بیر و ئەزموونە.