ئەنتۆنی بلینکن: جەنگی ئێران ئەمریکای لای هاوپەیمانەکانی پەراوێزخستووە

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە ئەمریکا لەهەموو کاتێک زیاتر لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە پەراوێزخراوە.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و سەدانی دیکەش بریندارن، هێشتاش گەلی ئێران لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە دەچەوسێنرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا لە هەموو کاتێک زیاتر لەلایەن هاوبەش و هاوپەیمانەکانییەوە پەراوێزخراوە، ملیاران دۆلاری باجدەرانی ئەمریکا لە جەنگێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەرجدەکرێت، پێنتاگۆنیش داوای بودجەیەکی 200 ملیار دۆلاری کردووە بۆ جەنگی دژ بە ئێران. 

بلینکن دووپاتیدەکاتەوە، پشتیوانیی لە جەنگی دژ بە ئێران ناکات و شایەنی ئەوە نییە، ژیانی ئەمریکییەکانی بۆ بخرێتە مەترسییەوە.

ئەمەش لەکاتێدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە ئێوارەخوانی لیژنەی نیشتمانیی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا گوتوویەتی دەبوو لە ئێرانیان بدایە، هەڵەیان کردووە پێشتر هێرشیاننەکردووەتە سەر ئەو وڵاتە.