وەزیری جەنگی ئەمریکا: تاران بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەڵەیەکی گەورەی کرد
لە ئەگەری شکستهێنانی بژاردەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی فراوانکردنی جەنگ لە دژی ئێران دەکات.
کەناڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، بە کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ لە ئێران سوپای پاسداران هەرەس دەهێنێت و بەخێرایی جەنگ کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران هێزی زیاتر و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە خارگ جێگیرکردووە، پێنتاگۆنیش خۆی بۆ قۆناغێکی دیکەی جەنگ لە دژی ئێران ئامادەکردووە و سیناریۆکانی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئەو وڵاتە داڕشتووە.
پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرد، بەڵام هەردوو وڵات هێرشیانکردەسەری، تاران بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی هەڵەیەکی گەورەی کرد و رووی راستەقینەی خۆی دەرخست.