وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئێران و ئۆکرانیا کۆدەبنەوە
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جەنگی ئێران و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی ئاداری 2026، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت کۆدەبنەوە، تێیدا وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان هەوڵ دەدەن جیاوازییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکەنەوە، هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە جەنگی ئوکرانیا و رووسیایە.
ئەم کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەی حەوت وڵاتی پیشەسازییە گەورەکەی جیهان لە دێری "ڤۆ-دو-سێرنی" لە دەوروبەری پاریس بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا کۆشکی سپی رایگەیاندووە دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە "دۆزەخ هەڵبگیرسێنێت" ئەگەر ئێران ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی قبووڵ نەکات.
هەروەها مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت گەیشتە فەرەنسا.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو، یەکێک لە ئامانجەکانی فەرەنسا کە ئەمساڵ سەرۆکایەتیی خولیی گرووپی حەوت دەکات، بریتییە لە "چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییە گەورە جیهانییەکان کە هۆکاری زۆربەی ئەو گرژی و ململانێیانەن کە ئێستا دەیانبینین و لێکەوتەی زۆر بەرجەستەیان بۆ سەر هاووڵاتییانمان هەیە."