وۆڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ 10 هه‌زار سه‌رباز ده‌نێرێته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ

هەفتەی داهاتوو ئیدارەی ترەمپ بڕیار لەسەر ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئێران دەدات.

پێگەی ئەکسیۆس لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای پێنتاگۆن ئاشکرایکرد، پێنتاگۆن بیر لە ناردنی زیاتر لە 10 هەزار سەرباز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە، ئامادەکاریش بۆ بژاردەکانی وەشاندنی کۆتا گورزی سەربازیی و یەکلاکەرەوە بۆ ئێران دەکات، لەوانە؛ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی و بەچڕی بۆردومانکردنی ئێران.

ئاماژەی بەوەشدا، هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێت، ئەو هێزەشی دەنێردرێت لەو هێزەی ئێستا لە ناوچەکەن جیاوازە.

ئەکسیۆس رایگەیاند، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ بڕیار لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی ئەمریکا بە رژدیی ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی ئێران کردووە.

هەروەها رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، بە مەبەستی فراوانکردنی بژاردە سەربازییەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ، پنتاگۆن تاوتوێی ناردنی 10 هەزار سەربازی دیکەی پیادە و زرێپۆش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات؛ هاوکات لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ تاران.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ناوبراو، ئەو هێزە نوێیە دەخرێتە پاڵ ئەو 5 هەزار سەرباز و هەزاران په‌ڕه‌شووته‌وانه‌ی فیرقەی 82 کە پێشتر فەرمانی جووڵەیان بۆ ناوچەکە بۆ دەرچووە و دووپاتیش كراوه‌ته‌وه‌، چاوەڕێ دەکرێت ئه‌و هێزانه‌ لە ناوچە ستراتیژییەکانی نزیك ئێران و دوورگەی "خارگ" جێگیر بکرێن، کە ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە.