کاتژمێر یەک تیروپشک بۆ ناوی حاجیان دەکرێت
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، پرۆسەی تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ساڵی 2027 و سەرجەم حاجیانی ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت.
لەوبارەوە شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا گوتی "کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پرۆسەی تیروپشکی حاجیان دەستپێدەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە روونیشیکردەوە، ئەم تیروپشکە تایبەتە بە تەواوکەری ناوی حاجیانی ساڵی 2027 و هەروەها سەرجەم حاجیانی ساڵی 2028.
لەپێناو شەفافیەت و ئاگاداربوونی هاووڵاتیان لە پرۆسەکە، شێخ وریا ئەوەشی خستەڕوو کە تیروپشکەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هاووڵاتیان پەخش دەکرێت.
سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی تیروپشکی ناوی حاجیان لە قۆناخی کۆتاییدان. بە تەواوبوونی وردبینیی فۆڕمەکان، هەفتەی داهاتوو تیروپشکەکە بۆ هەردوو ساڵی 2027 و 2028 بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی کاروان ستوونی، 116 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج تۆمار کردووە.
ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەمەبەستی بەجێهنانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کردبوو. لەو ژمارەیە 2 هەزار و 752 کەسیان پیاو و 2 هەزار و 368 کەسیشیان ئافرەت بوون.