عێراق هانا بۆ سووریا دەبات
عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی دەستی بە هاوردەکردنی بەنزین لە سووریاوە کردووە و، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتیش ئاشکرای دەکات، کار دەکرێت رۆژانە 200 تانکەر بگەنە ناوخۆی وڵات.
سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، بەنزین لەرێگەی تانکەرەکانەوە لە سووریاوە بە شێوەیەکی بەردەوام دەگاتە عێراق.
ئاماژەی بەوەش دا، بە گەیشتنی ئەم بەنزینە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ دەبنەوە، ئەمەش شانبەشانی ئەو بڕەی لە دەروازەکانی دیکەوە دەهێنرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ و بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژیی وڵات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 24ـی ئەیلوول، کاروانی یەکەمی بەنزین کە لە 57 تانکەر پێکهاتبوو، گەیشتووەتە عێراق. لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ ئەوەی رۆژانە 200 تانکەر لە سووریاوە هاوردەی عێراق بکرێت لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکان.
زیاتر لە یەک مانگە عێراق بە قەیرانێکی سەختی بەنزیندا تێدەپەڕێت. بەپێی ئامارەکان، وڵاتەکە رۆژانە پێویستی بە 32 بۆ 33 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی رۆژانە تەنیا 27 بۆ 28 ملیۆن لیترە و بەو هۆیەوە کورتهێنان دروست بووە.
عێراق یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوتی خاو لە جیهاندا، بەڵام بە درێژایی ساڵانی رابردوو بەدەست کێشەی کەمیی توانای پاڵاوتن و دابینکردنی بەرهەمە سووتەمەنییەکانی وەک بەنزین و گازوایلەوە دەناڵێنێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنیی پاڵاوگە ناوخۆییەکان، نەبوونی وەبەرهێنانی پێویست لە کەرتی پاڵاوتندا و بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێل و خواستی رۆژانەی هاووڵاتییان.