رۆیتەرز: تەنیا یەک لە سێی جبەخانەی مووشەکی و درۆنەکانی ئێران تێکشکێندراون

لە کاتێکدا جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک دەبێتەوە لە یەک مانگ، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی واشنتن ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای بۆردوومانە چڕەکان، هێشتا بەشێکی زۆری توانای مووشەکی و درۆنیی ئێران بە نادیاری یان بە سەلامەتی ماونەتەوە.

هەینی 27ـی ئاداری 2026 ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە هەواڵگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنیا دەتوانێت تێکشکاندنی یەک لە سێی کۆی جبەخانەی مووشەکیی ئێران پشتڕاست بکاتەوە. ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا دەخرێنە روو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران گەیشتوونەتە هەفتەی چوارەمی خۆیان.

بەپێی گوتەی چوار لەو سەرچاوانە، چارەنووسی یەک لە سێی تری مووشەکەکانی ئێران بە نادیاری ماوەتەوە. هەرچەندە پێ دەچێت بەشێکیان لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا زیانیان بەرکەوتبێت، بەڵام ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە تاران توانیبێتی ئەو مووشەکانە لە ناو تونێلە قووڵەکان و سەنگەرە ژێرزەمینییەکاندا بشارێتەوە یان لە ژێر داروپەردووی بنکە تێکشکاوەکاندا مابنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەمان سەرچاوە هەواڵگرییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش بە هەمان شێوەیە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن تەنیا دەتوانن بە دڵنیایەوە باس لە لەناوبردنی یەک لە سێی توانای درۆنەکانی ئێران بکەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران هێشتا خاوەنی بڕێکی زۆر لە چەکە کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا بەکاریان بهێنێت.

ئەم راپۆرتە هەستیارەی هەواڵگریی ئەمریکا، کە لەژێر پەردەی نهێنیدا دراوە بە رۆیتەرز، ئاستی ئاڵۆزیی شەڕەکە نیشان دەدات. چاودێرانی سەربازی پێیان وایە پاراستنی دوو لەسەر سێی جبەخانە ستراتیژییەکەی لەلایەن ئێرانەوە، هۆکارێکی سەرەکییە کە وای کردووە تاران لە دانوستانەکاندا مەرجی قورس دابنێت و بە ئاسانی رازی نەبێت بە داواکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکی بەردەوام ئەوە دووپات دەکەنەوە کە بە رێژەی 90% توانا مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانیان لە نێوبردووە.